سلێمانی.. پێنج کەس لەسەر دزیکردن دەستگیرکران

مەفرەزەكانی‌ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی‌ پێنج تۆمەتباریان بەتۆمەتی‌ چەند تاوانێكی‌ دزیكردن دەستگیركرد.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ساێمانی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگاری سكاڵای تۆمار كرد كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دزی لێكراوە، دەستبەجێ هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو دوای گەڕان و بەدواداچونەكان توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، تۆمەتبار دانی‌ بەتاوانەكەیدا ناوە كە هەستاوە بەشكاندنی‌ جامی ئۆتۆمبێلی سكاڵاكارو بڕی دوو ملیۆن دیناری بردووە، لەئێستادا تۆمەتبار (س، ش، ع لەدایكبووی ١٩٩٢) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ، لەچالاكییەكی تردا و لەلایەن مەفرەزەكانی‌ نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژئاوا بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین، لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە پێنج تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە.

باس لە ئەوەشدەكات، لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (س، ر، ش) لەدایكبووی ١٩٨٥ و (ئ، ج، م) لەدایكبووی ١٩٩٤ بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوان.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند، لەچالاكییەكی دیكەدا لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك كە دزی لەماڵەكانیان كرابوو، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژئاوا دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد بەناوەكانی‌ (ش، ر، خ) لەدایكبووی ٢٠٠١ و (م، م، س) لەدایكبووی ١٩٨٣ بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون.

 



PM:02:54:08/09/2022