ئوتومبیلەكەی سەرۆكی ئۆكرانیا تووشی پێكدادان دەبێت


سەرۆكایەتی ئۆكرانیا رایدەگەیەنێت، ئۆتۆمبێلەكەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی،  سەرۆكی وڵاتەكەیان توشی رووداوی هاتوچۆ بووە، بەڵام بە سەختی بریندار نەبووە.  

سێرگی نیكیفۆرۆڤ، وتەبێژی سەرۆكایەتی ئۆكرانیا ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، لە شاری كیێڤ ئۆتۆمبێلێك لەگەڵ ئۆتۆمبێلی سەرۆكی ئۆكرانیا پێكیاندا داوە، بەڵام پزیشكەكانی یاوەری سەرۆك كۆمار هاوكاری بەپەلەیان پێشكەش بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەی دیكە كردووە".  

ناوبراو روونیكردۆتەوە  "سەرۆك كۆمار لەلایەن پزیشكێكەوە پشكنینی بۆ كراوە و هیچ برینداربوونێكی سەخت نەدۆزراوەتەوە، پۆلیسیش بەدواداچوون بۆ سەرجەم بارودۆخەكانی ڕووداوەكە دەكات".

هەر زوو دوای ڕووداوەكە، زێلێنسكی لە پەیامی ڤیدیۆیی ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاند لە ناوچەی خاركیڤ گەڕاوەتەوە، كە نزیكەی بە تەواوی لەدەست هێزەكانی روسیا ڕزگاركراوە، لەو كاتەوەی هێزەكانیان هێرشی پێچەوانەیان دەستپێكردووە بۆ دەركردنی هێزەكانی ڕوسیا.  



AM:09:24:15/09/2022