پۆتین و ئۆردوغان بۆ ٤٠ خولەکە کۆبوونەوەیەکی داخراو دەکەن


لە پەراوێزی ٢٢هەمین لوتکەی ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری شەنگهای، پۆتینی سەرۆک  ڕوسیا و سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک ئۆردوغان، بۆ ٤٠ خولەک لە سەمەرقەند کۆبوونەوەیەکی نهێنیان سازدا.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە پووتین و ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی داخراویان ئەنجامداوە کە ماوەی ٤٠ خولەکی خایاند، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی ڕوسیا بە ئەردۆغانی وتووە، ٢٥٪ی غازی سروشتی ڕوسیا کە بۆ تورکیا دابین دەکرێت، بە ڕوبڵ پارەکەی وەردەگیرێت.
پووتین سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبونەوە داخراوەکەیان ڕایگەیاند، هیوادارم وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو لە ساڵی داهاتوودا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەو لێدوانەش میدیا جیهانیەکان لە زاری سەرچاوەکانیانەوە ئاشکرایان کرد کە دوینێ ڕێککەوتنی دروستکردنی ئەو وێستگەیە واژۆکراوە.

باس لەوەش کراوە "کۆمپانیاکانمان ئاماژەیەکیان پێگەیشتووە کە دەتوانن بەرهەمەکانیان لە تورکیاوە هەناردە بکەن” کە بە "هاوبەشێکی متمانەپێکراو” وەسفی کردووە، خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ بەدەستهێنانی "زیادبوونێکی بەرچاو” لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەگەڵیدا.
سەرۆکی ڕوسیا سوپاسی سەرۆکی دەوڵەتی تورکی کرد و بۆ هەوڵەکانی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی دانەوێڵە وتیشی: کۆمپانیا ڕوسیەکان دەتوانن لەڕێگەی تورکیاوە کاڵاکانیان هەناردە بکەن.

 هەرچەندە پێشتر باس لەوە دەکرا دۆسیەی سوریا و هەڵەکانی ڕوسیا بۆ ڕیککەوتن لە نێوان سوریا و دەوڵەتی تورک تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەی پووتین و ئەردۆغان دەبێت، بەڵام هیچ شتیک لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکراوە. 



PM:11:38:16/09/2022