ئاسایش روونكردنەوە سەبارەت بە كوشتنی عەقیدەكەی ئاكرێ دەدات


ئاسایشی ئاكرێ رەتیدەكاتەوە ئوتومبیل و چەك و پێداویستی ئەوان بۆ كوشتنی عەقیدەكەی قەزای ئاكرێ بەكارهێنرابێت.

ئاسایشی ئاكرێ ئەمڕۆ لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "لە بەرواری ١٥ی ٩ی ٢٠٢٢ لە ڕووداوێكی دڵتەزێندا تۆمەتبارێك بە ناوی (و- ف، س) لەناو سەنتەری قەزای ئاكرێ ئەفسەرێكی پێشمەرگەی بە ناوی شەهید (عەقید صابڕ جومعە عەبدولڕەحمان) تیرۆر كرد، سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهید دەكەین و لەدەست دانی ئەو خەسارەتێكی گەورەیە و هەڵگری خەمی ئەوین".  

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لەبارەی لێدوانی برایەكی شەهید عەقید سابر كە بۆ هەندێك دەزگای میدیایی داوە و رای گەیاندووە كە تۆمەتباری ئەو تاوانە (چەك و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی ئاسایش)ی بەكارهێناوە، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئاكرێ ئەم قسانە ڕەت دەكەینەوە و هیچ راستییەكی نییە، ئەو چەك و كەلوپەلە سەربازییانەی لەم تاوانەدا بەكار هێندراون، موڵكی ئاسایش نین و تایبەت بوون بە تۆمەتبار و دیارە پێش دەركرانی ڕێنمایی نوێی چەك لە لایەن (وەزارەتی ناوخۆوە)، تۆمەتبار بەدەستی خستوون. هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلەشی لای تۆمەتبارەكە بووە، ئۆتۆمبێلێكی تایبەتە و موڵكی ئاسایش نییە".  

ئاسایش دەڵێت "لە ڕۆژی ڕوودانی ئەم تاوانە، هێزە ئەمنییەكانی ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاكرێ، لە شوێنی ڕووداوەكە ئامادەبوون و بەشداربووین لە دەستبەسەركردنی تاوانبارەكەدا".  



PM:07:36:17/09/2022