لەسەر لووتپژانی خوێندكارێكی دووی بنەڕەتی، وەزیری پەروەردە هاتە دەنگ


وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر لووتپژانی خوێندكارێكی دووی بنەڕەتی لە قەزای بازیان لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنێت تا بزانێت بۆچی سویچ پلاكی قوتابخانەكە چاك نەكراوەتەوە.

پەیجی پەروەردەی پشدەر نامەی شوانە محەمەد، مامۆستای قوتابخانەیەكی قەزای بازیانی بڵاوكردۆتەوە كە ئاڕاستەی ئالان  حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كردووە و نووسویەتی "ئەو قوتابیە كچی خۆمە لەهەمان ئەو قوتابخانەیەی كە خۆم وانەی تیا دەڵێمەوە، بۆیە ڕەسمم گرتووە لەبەرئەوەی كچی خۆمە و مافی هیچ كەسێكم پێشێل نەكردووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "تكاتان لێدەكەم ئەو وێنەیە بگەیەنن بە وەزیری پەروەردە، ئەوە مناڵی پۆلی دووە لەبەر نەبوونی هیچ هۆیەكی فێنككەرەوە لەقوتابخانە، نیو كاتژمێر خوێن لە لووتی ڕۆیشتووە، ئایا كچی خۆی بێ قبوڵی دەكات؟".

لەو بارەیەوە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كۆمێنتێك لە هەمان پەیج وەڵامی ئەو داوایەی داوەتەوە و نووسیویەتی "قسەم لەگەڵ باوكی ئەو قوتابیە كرد مامۆستا شوانە، ئێمە ساڵانە پارەی راستەوخۆمان ناردوە بۆ قوتابخانەكان هەروەها داهاتی فرۆشگەشیان هەیە ، وەك بۆم دەركەوت سویچ پلاكی پانكەكانی پۆلەكانیان چاك نەكردۆتەوە ئەوەی كە مامۆستا شوانە بۆی باسكردم، لەبەرئەوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنین بزانین ئایا پەروەردە كەمتەرخەمە مبەردەی نەناردوە، كە ئێمە ناردومانە و وتوشمانە و نوسیومانە چۆن توزیع بكەن، ئایا لە پارەی فرۆشگا و پارەی پێشینەی ئەو قوتابخانەیە دراوە بەچی بۆ نەتوانراوە چەند سویچ پلاكێك چاكبكرێتەوە". 



PM:07:51:17/09/2022