لەسەر كەوتنە خوارەوەی پانكە بەسەر دوو خوێندكار، پەروەردە لیژنەی پێكهێنا


بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر رایدەگەیەنێت، بە فەرمانی وەزیری پەروەردە لێژنەیەكی بەدواداچوونی بۆ ھۆكاری روداوەكەی قوتابخانەیەكی شاری هەولێر پێكھێندرا كە پانكە بەسەر دوو منداڵدا كەوتە خوارەوە.   

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی ھەولێر  لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٢⁄٩⁄١٨ لە كاتی دەوامی ئاسایی قوتابیان لە قوتابخانەی سەركەشی بنەڕەتی تێكەلاو پانكەیەك لە ئەڵقی سەقفی پچڕاوە و بەربۆتەوە سەر تەختەی دانیشتنی قوتابیان و لە ئاكامدا دوو قوتابی زامدار بوون و دەستبەجێ لە لایەن دەستەی كارگێری قوتابخانە گەیندایە نەخۆشخانە و كاری پێویستی بۆ ئانجام دراوە و خۆشبەختانە تەندروستیان باشە".

روونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە "لە كاتێكدا كارگێری قوتابخانەی ناوبراو لە پشووی ھاوین نۆژەنكردنەوەی بۆ تەواوی پێداویستیەكانی قوتابخانە بە تایبەتی لە رووی كارەبا ئەنجامداوە وە دوای روداوەكەش بە فەرمانی جەنابی وەزیری پەروەردە لێژنەیەكی بەدواداچوونی بۆ ھۆكاری روداوەكە پێكھێندرا".  

پێشتریش هێڤار، یەكێك لەو خوێندكارانە لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا كە سەری بەستووە دەڵێت "لە دووەم دەرسدا بووین پانكە بەسەر خۆم و هاوڕێیەكمدا كەوت من سەرم شكاوە، ئەویش گوێی بڕدراوە، پانكەكەمان شل بوونەتەوە و دەرگامان ئاسنە و لێبوونەتەوە، گڵۆپ و وایەرەكان تێكچوون، داو الە وەزیری پەروەردە دەكەین بێت بەهانامانەوە".





PM:05:00:18/09/2022