هەڵوێستی سودانی سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم ئاشكرابوو


محەمەد شیاع سودانی، تاكە كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت "دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دادگای فیدراڵی یەكلایی كردۆتەوە و دەبێت جێبەجێ بكرێت".

سۆران عومەر، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە فەیسبوكی خۆی نوسیویەتی، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراق كۆبوونەتەوە و باسی لە ئەولەویاتی بەرنامەی حكومەتی ئایندە كرد كە چوار بابەتە ئەوانیش خزمەتگوزاری و تەندروستی و كارەباو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.  

ناوبراو وتویەتی "ئەوەش بە كاتی دیاریكراو هەوڵی جێبەجێكردنی بەرنامە حكومیەكەی دەكات، باسی لەگرفتی ئاوو مەسەلەی نەوت و بێكاری و پرۆژەكان و پیشەسازی و وەبەرهێنان كرد."  

سۆران عومەر دەڵێت "دەربارەی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لێم پرسی بۆچونی چییە؟ وتی: كێشەی نەوت بڕیاری دادگای فیدراڵی یەكلایی كردۆتەوەو دەبێ جێبەجێ بكرێ! چارەسەرەكەشی لەیاسای نەوت و غازی عێراق دەكرێ كە پێویستە لەزوترین كات یاساكە دەربچێت".  



PM:02:52:20/09/2022