ئەمینداری نەتەوەیەكگرتووەكان: بەردەوامی كێشە سیاسییەكانی عێراق دۆخەكە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان رایدەگەیەنێت، لە جیهان كێشەكان زۆربوون و چارەسەركردنیان ئاسان نییە و دەڵێت، بەردەوامی كێشە سیاسییەكانی عێراق دۆخەكە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات.

ئەمڕۆ بەبەشداری سەرۆك و رێبەرانی زیاتر لە 130 وڵات لوتكەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە نیویۆرك دەستیپێكرد و تیایدا دۆسییەكانی جەنگ، ئاوارەكان، قەیرانی خۆراك، برسیەتی، قەیرانی وزە، گۆرانی كەشوا و چەند دۆسییەكی دیكەی جیهانی تاوتوێ دەكرێن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە بەردەم كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "نەبونی دیالۆگ جیهان بەرەو قۆناغێكی دیكەی سەخت دەبات، لەكاتێكدا قەیرانەكان لە زیادبوندان و چارەسەركردنیان ئاسان نیە، دابەشبونی زیاتری جیۆپۆلەتیكی لە بەرژوەندی دیموكراسی و وڵاتاندا نیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بەجۆرێكن خەریكە لە هەندێك شوێن ژیان نامێنێت، بۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت رێگری لە بڕینەوەی درەخت و تێكدانی سروشت بكرێت، بەتایبەت كە لەئێستادا مامەڵەیەكی زۆر خراپ لەگەڵ ژینگەدا دەكرێت".



PM:04:55:20/09/2022