وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند " سبەینێ پێنج شەممەی دەستدەکرێت بە پڕۆسەی دابینکردن و دابەشکردنی هەشتەمین سەبەتەی بەشە خۆراک".
لە راگەیەنراوێکی وەزارەتی بازرگانی کە ئەمرۆ چوار شەممە بڵاوکرایەوە، كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردن بە كەلوپەلی خۆراك ئامادەكارییە تەكنیكی و كارگێڕییەكانی تەواو كردووە بۆ وەرگرتنی ئەو كەرەستانەی بۆ حسابی سەبەتەی خۆراك دابینكراوە و بەسەر سەرجەم خەڵكی عێراقدا دابەش دەكرێت.
هەروەها هاتووە، پڕۆسەکە لە هەژارترین ناوچەکانەوە دەستپێدەکات و پێویستە بریکارەکانی خۆراک سەردانی ناوەندەکانی دابینکردنی خۆراک لە بەغدا و پارێزگاکان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای خۆراك، ئەندازیار لامە موسەوی وتی "هاووڵاتیان بە یەكجار و لە هەمان كاتدا بەبێ دواكەوتن و كەمبوونی ماددەکانی بەشەخۆراک وەردەگرن".
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە ئاردی (داس) و شیری فەرەنسی (دوڤیلاک) بە شێوەی فرۆشتنی راستەوخۆ بە هاوڵاتیان و بە نرخێکی کێبڕکێکار لە رێگەی ناوەندەکانی فرۆشتن لە بەغدا و پارێزگاکان هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی بەشە خۆراک دەفرۆشێت.