بەرپرسێكی هەرێم: نرخی نەوت دەگاتەوە سەرووی ١٠٠ دۆلار


بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە جیهاندا هەیە، بەتایبەت شەڕی ڕوسیا و ئۆكراینا و بڕیارەكانی ڕووسیا كە هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا كەم بكات و وا دەكات نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە بچێت و تا وەرزی زستان بگاتە سەرووی ١٠٠ دۆلار.

د.بێوار خنسی، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە ''نرخی نەوت لە دۆخی ئێستا و ڕووداوەكانی و ئەو ئاڵۆزییانەی بە سروشتی پەیدا بوون و شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی وزە دەبێت و فاكتەرێكی دیكە هەندێك دابەزینی نەوت بۆ بڕیاری ئۆپێك دەگەڕێتەوە كە لە مانگی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی خاو بۆ بازاڕی جیهانی زیاد بكەن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هاوسەنگیی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا تێك بدات، بۆیە نرخی نەوت جێگیر نییە".

خنسی روونیكردۆتەوە "هەندێك جاریش نەوت لەو وڵاتانەی عەمبار دەكرێت، وەكو ئەمەریكا و چین و ژاپۆن زۆر دەبێت و وا دەكات نەوت هەرزان بێت و ئەگەر خواست زۆر بێت گران دەبێت، بەڵام بڕیارەكانی ئەمدواییەی ڕوسیا وا دەكات نرخی نەوت گران بێت بەرامبەر ئەو وڵاتانەی  كە پشتگیری ئۆكرانیا دەكەن و ئەگەریش بێتوو وڵاتانی ئەوروپا نەوت و غازی ڕوسیا نەكڕن بەهۆی شەڕی ئۆكرانیاوە كێشەیەكی گەورە دروست دەبێت.''

د.بێوار دەڵێت 'ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێ ببێتە جێگرەوەی غاز بۆ ئەوروپا بۆیە كێشە دروست دەبێت، بەتایبەت لەو ڕێگایانەی بۆڕیی غازی بۆ دەچێت و لەم دۆخەدا نابێت نرخی نەوت لە ١٠٠ دۆلار كەمتر بێت، بۆیە سەرەتای زستان نرخی یەك بەرمیل نەوت دەگاتە سەرووی ١٠٠ دۆلار.''




PM:05:11:22/09/2022