سەبارەت بە وەرگرتنی پارچە زەوی لەلایەن وەزیری نەوت روونكردنەوە دەدرێت


وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەكاتەوە، هیچ پارچە زەویەك لەلایەن ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتەوە وەرگیرابێت و دەڵێت "بڕیاربوو بەفرۆشتن چەند پارچە زەویەك بدرێتە فەرمانبەران، بەڵام ماوەی هەشت مانگە ئەو بڕیارە راگیراوە".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، یەكێك لە كەسایەتییەكان لەڕێگەی یاسای وەبەرهێنانەوە هەوڵی داوە دەست بەسەر یەكێك لە پارچە زەویەكانی موڵكی وەزارەتەكەیاندا بگرێت، بەڵام رێگری لێكراوە بەهۆی پێشێلكردنی یاسای كۆمپانیا حكومییەكانەوە، بەڵام ئێستا ئەو كەسە سكاڵایەكی پێشكەش بە دەستەی دەستپاكی كردوە و فشاری دروستكردوە، هەروەها لێدوانی چەواشەكارانە و تێڕوانینی ناواقیعی خستەڕو لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە، "كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارەتی نەوت بڕیاریاندا كە ژمارەیەك پارچە زەوی بە فەرمانبەرەكانیان بفرۆشن، هەروەها ئەو پارچە زەوییەشی باسی لێوەدەكرێت بەشێك بو لەو زەویانە، بەپێی یاسا كارپێكراوەكان و رەزامەندی دەسەڵاتی باڵا، هەنگاوی یاسایی فرۆشتن دەستیپێكرد".

وەزارەت نەوت دەڵێت "ئەو فەرمانبەرانەی كە بڕیارە بەپێی یاسا و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران سودمەند بن لە كڕینی زەویەكان، خۆیان كشاندۆتەوە، چونكە جۆری زەوییەكە كشتوكاڵیە و هەڵسەنگاندنی نرخی هەر مەتر چوارگۆشەیەك بەراورد دەكرێت بۆ نرخی بازاڕی ئێستا، هیچ ڕێوشوێنێك لەم بارەیەوە لە مانگی (كانونی دوەم/1)ی 2022ەوە نەگیراوەتەبەر، هەربۆیە ئەو پارچە زەویە تا ئێستا بە تەواوی خاوەندارێتی كۆمپانیای نەوتی ناوەندییە و خاوەندارێتییەكەی نەگوازراوەتەوە بۆ هیچ لایەنێكی تر".

وەزارەتی نەوت وتویەتی "لە ئێستادا دادگای كارخی كەرخ بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە دەكات بۆ ئەوەی بڕیارێك بدات كە مافی گشتی بپارێزێت و زانیاری نادروست و سكاڵا هەڵبەستراوەكان ئاشكرابكات".








PM:03:14:23/09/2022