یەكێتی زانایان سەبارەت بە هەمواری یاسای خێزانی هاتە دەنگ


یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت پێچەوانەی نەریت و واقعی كۆمەڵگەی كوردی و ئاشتی كۆمەڵایەتییە".

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "دوای گەنگەشەكردنی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، لێكەوتە و دەنگدانەوەی خراپی لێكەوتەوە، ئێمە لە یەكێتی زانایان لەروانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و ئەركی پیشەیی خۆمان چاومان بە پرۆژە یاساكە كەوتووە".

هەروەها دەڵێت "ئەم پرۆژە یاسایە لەگەڵ بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقعی كۆمەڵگەی كوردی و ئاشتی كۆمەڵایەتیە و، ئەگەری لێكەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە".

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان هەروەها داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەن "پرۆژەی نەگونجاو بە كولتوور و واقعی میللەتەكەمان نەخاتە بەرنامەی كار و هەوڵی بە یاسا كردنی نەدات، چونكە دەركردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەیە نەك زیاتر كردنی ئاریشە".



PM:05:04:23/09/2022