ئایا نرخەكان لە كوردستان دەگەڕێنەوە دۆخی جاران؟
تویژینەوەیەك وەڵام دەداتەوە



توێژینەوەیەكی زانستی ئاشكرای دەكات بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان دەرەنجامی هەڵئاوسانی جیهانییە، بەڵام دەكرێت ئەم هەڵئاوسانە بکرێتە هەلێک بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها سێ سیناریۆش بۆ داهاتووی دیاردەی هەڵئاوسان دەخاتەڕوو.

تویژینەوەكە كە "د. كامەران قادر" ئامادەی كردووە، لە دوا ژمارەی گۆڤاری "ئایندەناسی" سەر بە "سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات ئەو هەڵئاوسانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، پەیوەستە بە چارەسەربوونی کێشەی هەڵئاوسان لە وڵاتانی گەشەسەندووی وەك ئەمەریكا و ئەوروپا و خاوبوونەوەی شەڕ و ناكۆكییەكانی ڕووسیا و ئۆكرانیا چونكە ئابووریی کوردستان ڕێژەیەکی بەرزی دواکەوتەیی (تبعیە، Dependency) تێدایە.

توێژینەوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەوڵەتی عێراقیش ناتوانن سیاسەتی نەختینەیی و دارایی بەکار بهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵئاوسان، بەڵام دەتوانرێت ئەم هەڵئاوسانە بکرێتە هەلێک بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان باشترین دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووە تا بتوانێت ڕێژەی بەشداریکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پئیشەسازی زیاد بکات، کە ئەمە تاکە دەرفەتە بەدەست هەرێمی کوردستانەوە کە بتوانێت لەو ڕێگەیەوە پشتبەستن بە داهاتی نەوتی خاو کەم بکاتەوە.

لەبارەی سیناریۆكانی داهاتووشەوە بۆ دیاردەی هەڵئاوسان توێژینەوەكە سێ سیناریۆ دەخاتەڕوو: 

سیناریۆی یەکەم: ئاستی گشتیی نرخەکان بە بەرزی دەمێنێتەوە و ئابووریی گشتی هاوسەنگی وەردەگرێت بە تێپەڕبوونی کات. واتە وەکوو چۆن ئێستا خەڵکی ئاسایی لە وڵاتی خۆمان و تەنانەت لە وڵاتانی پیشەسازییش باسی نزمیی ئاستی نرخەکان دەکەن لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، ئاوەهاش لە ساڵانی داهاتوودا باسی ئاستی نزمیی نرخەکان لە یەکەم دەیە و دووەم دەیەی سەدەی ٢١ دەکرێت. ئەم سیناریۆیە دەبێتە نزیکترین سیناریۆ لە ڕاستییەوە.

سیناریۆی دووەم: بۆ دوورمەودا، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، دەکرێت ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێتەوە بۆ ئاستی پێشووتری خۆی، ئەمەش لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمدارییەوە کە لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی تێچوو کە دواجار دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان. هەر چەندە ئەم سیناریۆیە لە ڕووی تیۆرییەوە گونجاوە و قابیلی ڕوودانە، بەڵام ئەزموونی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە ئاستی گشتیی نرخەکان دانابەزێت، چونکە وڵاتان هەمیشە خستنەڕووی دراوەکانیان زیاد دەکەن، ئەمەش پێدەچێت ڕێگر بێت لە نزمبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان.

سیناریۆی سێیەم: دەکرێت ئاستی گشتیی نرخەکان بگەڕێتەوە بۆ ئاستی جارانی خۆی، چونکە بەرزبوونەوەی نرخ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خواست، ئەمەش وا دەکات کە بەرهەمهێنەران هەوڵ بدەن ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێنن بە مەبەستی زیادکردنی خواستی گشتی. هەر چەندە ئەم سینارۆیەش دەکرێت ڕوو بدات، بەڵام لە ڕابردوودا جیهان بە چەندین بارودۆخی ئاوادا ڕۆیشتووە، بەڵام وەبەرهێنەران نەیانتوانیوە ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێنن، چونکە دەکەوتنە زیانەوە لە ڕووی ئابوورییەوە.

لە كۆتاییشدا توێژینەوەكە باس لەوە دەكات ئەم دۆخە بۆ حکومەتی هەرێم دەرفەتێکی باشە كە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ تا بتوانرێت گەشەی پێ بدرێت، ئەوە بە هۆی ئەوەوە دەبێت کە لە سایەی بەرزیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان، دەتوانرێت بەرهەمی ناوخۆ کێبرکێی بەرهەمەکانی دەرەوەی وڵات بکات. 

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات بەو پێیەی ئاستی گشتیی نرخەکان بەرز بوونەتەوە، کەواتە ئەو کەسانەی کە لە کاتی نزمیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، ئێستا زیاتر کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و پێدەچێت ژمارەشیان زیادی کردبێت. پێویستە لەسەر حکومەت کە یارمەتیی ماددییان بدات، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە بتوانرێت ئەو چینەی کۆمەڵگا کە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئاستیان بەرز بکرێتەوە بۆ سەروو هێڵی هەژاری.


AM:10:20:24/09/2022