لەسەر بڕیارێك، هەڕەشە لە وەزیری دارایی دەكرێت


پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەسەر بڕیارێكی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم كە "نابێت فەرمانبەر لەگەڵ كەسی پلە یەكی خۆی لەیەك فەرمانگە بن ..!!!"، كێشەی كۆمەڵایەتی دروستبووە و ئەگەر ئەو بڕیارە چارەسەر نەكرێت، داواكاری گشتی دەهێننە سەر خەت.

شنۆ شەهید ئەشقی، پەرلەمانتاری لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان كە پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە، لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "هەفتەی ڕابردوو وەزیری دارایی لە بڕیارێكی شەخسی و میزاجی كە گشتاندنی كردووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی وەزارەتی ناوبراو كە نابێت فەرمانبەر لەگەڵ كەسی پلە یەكی خۆی لەیەك فەرمانگە بن ..!!!".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بە پێی ئەم نوسراوەی وەزارەت بێ ئەگەر (دوو برا، هاوسەر، خوشك و برا) لە هەمان فەرمانگە بن دەبێ یەكێكیان داوای گواستنەوە بكا تەنانەت گەر لەو بەشانەش بن كە پەیوەندی بە كاروباری داراییەوە نیە..!!!".

شنۆ ئەشقی وتویەتی "ئەم بڕیارە جگە لەوەی كە هیچ پاڵپشتیەكی یاسایی نیە، هیچ سودێكی كارگێڕی و دارایی بەوەزارەت نابەخشێ و بوەتە هۆی دروستبوونی كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ سەدان خێزان كە لەچوارچێوەی وەزارەت فەرمانبەرن". 



PM:04:42:24/09/2022