بڕیارێكی نوێ بۆ وەرگرتنی پارەی كارەبای ماڵان دەرچوو


بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەمەودوا تیمەكانیان سەردانی ماڵان دەكەن بۆ وەرگرتنی پارەی كارەبای مانگانە و پێویست ناكات هاوڵاتیان خۆیان سەردانی فەرمانگەی كارەبا بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، لەسەر بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا، بەهۆكاری كەمبوونەوەی (سیولەی پارە) بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو و كارەباو رێگاوبان، كە بەوهۆیەوە زۆرێك لەپرۆژەكانی ئەو بوارانە پەكیان كەوتووەو ناتوانرێت تەواوبكرێن.

كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "هەر بۆیە لە پلانماندایە كە تا ئەمڕۆ ئەو قەرزانەی كارەبا كە لای هاوڵاتی ئاسایین لە (پۆلی ماڵان) كۆبووەتەوە لێپرسینەوە لەبارەیانەوە نەكرێن تا لەداهاتوودا حكومەت بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە دەدات، بەڵام لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) وەردەگیرێت لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە (عدادی كارەبا)".

بەڕێوەبەرایەتی كارەبا دەڵێت "بۆیە داواكارین لەهاوڵاتیان كە هاوكارێكی باشی ئەم پرۆسەیە بن كە هەم بەسوودی گشتی و كەسی ئەو هاوبەشانە تەواو دەبێت، هاووڵاتیان بەشێك لەئەركەكانیان كەم دەبێتەوەو پێوست ناكات بۆ پارەدان سەردانی فەرمانگە و بنكەكانی وەرگرتنی پارەی كارەبا بكەن، بەڵكو راستەوخۆ لەبەردەم ماڵاندا ئەو كارە ئەنجام دەدرێت و ئەم پرۆسەیەش بۆ چارەسەری كێشەی خزمەتگوزاریە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانیە".



PM:12:01:25/09/2022