ئەمڕۆ لە سنوری باکوری کوردستان بەهۆی دوو رووداوی هاتووچۆی هاوشێوەی یەکدی (١٠) هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ئانادۆڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر رێگای سەرەکی (قەرس – ئەرزەڕۆم) لە باکوری رۆژهەڵاتی تورکیا ڕووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێکدا ڕوویدا، کە بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو، هەروەها دوای ڕووداوەکە تیمەکانی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنەتە شوێنی رووداوەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە قەزای ئاکچاداغ سەر بە پارێزگای ماڵاتیا لە رۆژهەڵاتی تورکیا هاوشێوەی رووداوی پێشوو، بەهۆی پێکدادانی نێوان ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێک شەش کەس گیانیان لە دەستدا.