پارتى ناوەرۆکى رێککەوتنى پێکهێنانى هاوپەیمانی شەش قۆڵى راگەیاند

شەوی رابردوو رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تایبەت بە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی عێراق واژۆکرا، پەرلەمانتارێکی پارتیش ڕایدەگەیەنێت" بە چەند مەرجێک بەشداری هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان کردووە". 

شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند" درەنگی شەوی ڕابردوو رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی، یەکێتی، هاوپەیمانی عەزم، سەروەری و بابلیون واژۆکرا".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی بە هەندێک خاڵ داوای مافی کورد دەکات و لەو رێککەوتنەش هەندێک خاڵ خراونەتەڕوو، کە بەشێکیان داواکاری پێشووتری پارتی بوون، وەک جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور، لەوانەش ماددەی (١٤٠)، دەنگدان لەسەر یاسای نەوت و گاز، هەروەها پارتی داوا دەکات سەرۆک وەزیران بۆ هەموو عێراق بێت و نابێت دژی هەرێمی کوردستان و بودجەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت.
 
لەبارەی بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانی حیزبەکەی، شێروان دووبەردانی باسی لەوەکرد، دەبێت بە پێی دەستوور هەڵبژاردن بکرێتەوە و پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە، هەروەها یەکێکی دیکە لە خاڵەکان رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتییە لە نەینەوا و کەرکوک.
 
بە وتەی پەرلەمانتارەکەی پارتی" دوای ئەو رێککەوتنەش پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر بەربژێرکردنی رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق".  


PM:01:10:26/09/2022