ئاسایشی سلێمانی: دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران


ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "لە دوو چالاكی جیادا دوو بازرگان دەستگیركران و دەستبەسەر بڕی 139 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كریستاڵدا گیرا".

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان و ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی هەر جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر كە زیان بە ئابوری هەرێم دەگەیەنێت و كاریگەری خراپ لەسەر كۆمەڵگە دروستدەكات، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لە دو چالاكیدا دەستیان بەسەر بڕی 139 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، "لە چالاكی یەكەمدا، دوای لێكۆڵینەوەی ورد و بەدواداچون و چاودێریكردن هێزەكانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە ڕۆژی 9ی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ دەست بەسەر بڕی دو كیلۆگرام ماددەی كریستاڵدا گیرا و تۆمەتبارێكیش بەناوی ( ك ك ر ) دەستگیركرا كە لە دایكبوی 1976ی شاری كەركوك ، ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری ( لكزس)ی لاندگرۆزی پێبوە، لەسەر ڕێگای ( سلێمانی-كەركوك ) دەستگیركراوە و بەپێی زانیاریەكان ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هێنرابون".

هەروەها دەڵێت "لەچالاكی دووەمدا هێزەكانی ئاسایش پاش لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاری ورد ، لە ھەمان ڕۆژدا لەناو شاری سلێمانی لە ماڵێكدا دەستگیرا بەسەر بڕی 137 كیلرگرام ماددەی كریستاڵ لە جۆری شل گرت، كە لەناو دەبە شاردرابۆوە و تۆمەتباریكیش دەستگیركرا بەڕەگەز كوردە و لەدایكبوی 1994ی كەركوك بە ناوی ( ع د ع)".

راگەیەنراوەكە دەڵێت "تۆمەتبارەكان بەنیازبون لەشاری سلێمانیەوە كریستاڵەكە  بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لەئێستاشدا •بە فەرمانی دادوەر بەپێ ی ماددەی 25لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە ئەقڵیەكان ڕاگیراون و دەستبەسەر ( كریستاڵ)ەكەدا گیراون".





PM:08:17:26/09/2022