کەشناسێک دوایین گۆڕانکارییەکان لە رەوشی کەشوهەوای ماوەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو

شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی رایدەگەیەنێت" تا (١٤) رۆژی دیكه‌ كه‌شی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ئاسایی ده‌بێت، ئه‌گه‌ری بارانبارین نیه‌، له‌ دوای ئه‌و واده‌یه‌شه‌وه‌ گۆڕانكاری له‌ كه‌شوهه‌وا روده‌دات". 

ئاراس جەبار شاره‌زای بواری كه‌شناسی له‌ بڵاوکراوەیەکدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە رایگه‌یاندووە" لە ئەنجامی جێگیربوونی بەرزە پاڵەپەستۆیەکی درێژخایان تا (١٤) رۆژی ئایندە کەشی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە و ئاسمانی ساماڵ و کەشێکی وشک و نیمچە گەرم باڵا دەست ئەبێت کە لە ھەفتەی ئایندەدا بەرزبوونەوەیەکی زیاتریش بەسەر پلەکانی گەرما دێت بەرێژەی یەک تا دوو پلەی سەدی وە بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆرێت". 
ئاراس جەبار هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەری بارانبارین لە ناوچەکانمان نابێت و وە پلەی گەرمی بە بەرزی ئەمێنێتەوە بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی باکور و باکوری رۆژئاوای ئەوروپا ئەم مەودایە سیستەمی نزمە پەستانەکان چالاک ئەبنەوە ناوبەناو بارستە ھەوای سارد و باراناوی ناوچەکانیان دەگرێتەوە.

جەختیشیکردەوە، تا نزیک ناوەراستی مانگی ئایندە ئەگەری بارانبارین نابێت لە ناوچەکەدا لە دوای ئەو وادەیەش گۆڕانکاری زیاتر ڕووئەدات.


PM:01:41:27/09/2022