بە وێنە: مەسرور بارزانی چی بەو جوتیارەی دهۆك وت كە لای بارزانی گلەیی كردبوو؟


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە نزیكەوە ڕەز وباخ و بەرهەمی ئەو جوتیارەی پارێزگای دهۆكی بەسەر كردۆتەوە كە لە پێشانگای شاری دهۆك گلەیی لە سەرۆكی حكومەت كردبوو.

دوێنێ لە شاری دهۆك پێشانگای ترێ و هەنگوین كرایەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش سەردانی پێشانگاكەی كرد، لە كاتی گەڕانی بارزانی بۆ پێشانگاكە جوتیارێكی بەشداربوو گلەیی كرد كە سەرۆكی حكومەت وەك پێویست گرنگیان پێنادات.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە فەیسبووكی خۆی چەند وێنەیەكی خۆی و ئەو جوتیارەی بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی "ئەمڕۆ سەردانی محەمەد سەلیم بەربهاری-م لە گوندی بەربهار كرد لە پارێزگای دهۆك، كە یەكێكە لە جووتیارە نموونەییەكانی دەڤەرەكە و پێش دوو ڕۆژ داوای لە جەنابی سەرۆك بارزانی كردبوو ھاوكاری زیاتری جووتیاران بكرێت".
 
مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "دوای ئەوەی لە نزیكەوە ڕەز وباخ و بەرهەمەكەیمان بەسەركردەوە و گوێمان لە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی گرت، دووپاتمان كردەوە كە حكومەت گرنگی و بایەخێكی زۆر، بە كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی دەدات و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی لە جووتیارانی كوردستان دەكات". 

هەروەها دەڵێت "بۆ ئەم مەبەستەش كاری بۆ دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان كردووە و هەنگاوی كردەییش لەم ڕووەوە نراون، كە ئێستا پەتاتە و چەند بەروبومێكی دیكە دەنێردرێنە دەرەوە و بەم زووانەش، هەنار هەناردەی دەرەوە دەكرێت. هەروەها بڕیاڕیشە لە ساڵی داهاتووەوە،  ژمارەیەكی دیكەی بەروبوومی كوردستان، بگەنە بازاڕەكانی دەرەوە".



PM:07:43:27/09/2022