سێ حیزبی چەپ: حكومەتی عێراق دژی ئێران سكاڵا تۆمار بكات


لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان ئیدانەی هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە كوردستان دەكات و داوا لە حكومەتی عێراق دەكات سكاڵا دژی ئێران بجوڵێنێت.  

لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان كە پێكهاتوون لە (حزبی شیوعی، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشان)  لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە درێژەی دەستدرێژییەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، رۆكێت بارانی كەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد، لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژكاریە بۆ سەر زڕگوێز لە سلێمانی و كۆیە و شێراوە لە هەولێر ژمارەیەك كەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لەكاتێكدا بەتوندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژكاریە دەكەین،  داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین سنورێك بۆ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانە بۆ سەر باشووری كوردستان دابنێن و پێشی پێ بگرن، كە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانە و بووەتە هۆی نائارامی لە ناوچەكە و بە بەردەوامی خەلكی سڤیل دەبنە قوربانی. هاوكات دەبێ حكومەتی عێراق  بە فەرمی ئەو دەستدرێژكاریە ئیدانە بكات و  سكاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار بكات . 



PM:07:23:28/09/2022