پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی بۆردومانەكانی ئێران بۆ حیزبەكانی رۆژهەڵات دەكات


سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان "ناڕەوا و بێپاساون" و بەتوندی ئیدانەی دەكەن.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات، ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی سەبارەت بە بۆردومانكردنی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران خوێندەوە و رایگەیاند "لە ئەنجامی ئەم هێرشە ناڕەوا و بۆردومانە بێ پاساوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەیەك هاوڵاتی شەهیدبون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە بە توندی ئیدانەی ئەم هێرش و پەلامارانە دەكەین و پێمان وایە لە ژێر هەر بیانو و پاساوێكدا ناكرێ پەنا بۆ توندوتیژی و موشەك و پەلاماری سەربازی و بۆردومانكردن ببرێ، پەرلەمانی كوردستان سورە لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەكەی خۆی بەوەی كە خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەروەری و بنەماكانی دراوسێیەتیی باش و بەپێ یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ دراوسێكانیدا و پشتیوانیی هیچ هەوڵ و جوڵەیەكی نییە كە خاكی هەرێمی كوردستان بۆ پەلاماری وڵاتان بەكار بهێندرێ".

سەرۆكایەتی پەرلەمان داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، ئاستێك بۆ ئەم پەلامار و پێشێلكردنانەی خاك و سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان دابنێن.



PM:12:48:29/09/2022