1600 چەكداری داعش لەشەڕ لەگەڵ "یەپەگە"دا كوژراون

‌کاروانی گەریلا
هاوسەرۆكی پارتی یەكیتی دیموكراتی "پەیەدە" بە هەواڵنێری ئەناتۆڵی توركیای راگەیاند لەشەڕ‌و بەربەرەكانێی شەڕڤانانی یەپەگە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای كوردستان تا ئێستا 1600 داعش كوژراون.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە هەروەها دەڵێت: تا ئێستا هیچ یارمەتییەكی سەربازیی بە كوردانی سوریا نەدراوەو "جیهان ئێمە بەتەنیا هێشتەوە لەشەڕ لەگەڵ داعشدا".

ساڵح موسلیم دەڵێت ئەگەر كوردانی سوریا چەكی قورسیان بوایە، هێزەكانی داعش بەم شێوەیە لە عێراق‌و سوریا بەهێز نەدەبوون‌و ئەم كارەساتانە رووی نەدەدا.

ناوبراو وەبیری دێنێتەوە كە چەكدارانی داعش لە ساڵ‌و نێوێك لەوەپێش لەناوچە كوردییەكان باكوری سوریا هێرشەكانی خۆی دەستپێكردوە، بەڵام بەهۆی رێكخستنی بەهێزی شەڕڤانانی یەپەگە‌و كوردی رۆژئاوا، تائێستا داعش سەركەوتوو نەبووە.

هاوسەرۆكی پەیەدە، بەجەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە كورد بە یەكگرتووی دەتوانێت لەبەرامبەر داعشدا راوەستاو بێت دەڵێت: ئێمە خوازیاری پێكهێنانی ئەنجومەنێكی هاوبەش لەكوردانی رۆژئاوا‌و باشورین بۆ ئەوەی بەرەوڕووی داعش ببینەوە.



PM:03:12:14/08/2014