وێنە.. باری تەندروستی هونەرمەندێکی ناسراوی کورد ناجێگیرە

مەهدی ئومێد دەرهێنەری دیاری کورد، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی لە سەنتەری دڵ لە هەولێر خەوێنراوە.

محەمەد مەرزانی دەرهێنەر و هونەرمەند لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" تەندروستی گەورە دەرهێنەری کورد (د.مەهدی ئومێد) باش نییە و لە ئێستادا لە سەنتەری دڵ لە هەولێر خەوێندراوە، پشکنینەکان دەریان خستووە کە ئاوسان و ئەستوور بوون لە پێیەکانی بەشێوەیەکی نا ئاسایی درووست بووە ئەمەش لە ژێر کاریگەری برینداربوونی سەردەمی پێشمەرگایەتی لە ئێزگەی شۆڕش، پێشتریش دکتۆرەکان لە دەرەوەی وڵات ئاگاداریان کردبوەوە نابێ خۆی ماندووبکا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، د.مەهدی ئومێد ماوەیەکە خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی تایبەت دەربارەی کوردستانی کەرکوک بە ناونیشانی (سەنتوورژەن)، هەروەها شانۆگەری (دواین پڕۆڤەی هۆلاکۆ).

مەهدی ئومێد لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، ساڵانێک لە وڵاتی سوید نیشتەجێبووە تاکو ساڵی ٢٠٠٠ گەڕاوەتەوە کوردستان و لە هەولێر دەژی، ماستەر و دکتۆرای لە دراماتۆرگ و سینەما لە مۆسکۆ خوێندووە، فیلمی سینەمای تونێل بە یەکێک لە بەرهەمەکانی مەهدی ئومێد هەژمار ئەکرێت و لە ساڵی ١٩٩٠ ئەم فیلمەی بەرهەم هێناوە.


PM:11:31:29/09/2022