یەكێتی و پارتی لەسەر یەك بابەت ماوە بگەنە رێككەوتن



سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، حیزبەكەی و پارتی لەسەر زۆر بابەت رێككەوتون، بەڵام لەسەر بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار هەتا ئێستا هەرلایەنە كاندیدی جیاوازی خۆی هەیه.

سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستلەكار كێشانەوەی پێشكەش كرد كە خۆی ئاماژەی بەوەدا ئەو دەستلەكاركێشانەوە واهاتوە كە متمانەی پەرلەمانتارەكان تازە بكاتەوە لەبەرئەوەی یەكەم، لەژێرباری ئەوە دەربچێت كە ڕەوتی سەدر دەڵێت "ئێمە تۆمان كردوە بە سەرۆكی پەرلەمان، دوەم بۆ ئەوەی متمانەكە تازە بكاتەوە لەبەرئەوەی ئەندام پەرلەمانی تازە هاتوەتە پێشەوە".

سۆزان مەنسور وتی "پارتی و یەكێتی لەسەر زۆر بابەت ڕێككەوتون، بەڵام لەسەر بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار هەتا ئێستا هەرلایەنە (پارتی و یەكێتی) كاندیدی جیاوازی خۆی هەیه،‌ واتە كاندیدی یەكێتی دكتۆر بەرهەم و كاندیدی پارتی ڕێبەر ئەحمەدە".

سەبارەت بەوەی ئایا لەگەڵ پارتی  بەشاندی هاوبەش بەشداری دەكەن؟، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی وتی "هەتا ئێستا نازانین، بەپێی كۆبونەوەكان بەڕاستی شتەكان دەگۆڕێن هەتا ئێستا دانیشتنی داهاتوو دیاری نەكراوه،‌ لەوانەیە هەتا دانیشتنی داهاتو دیاریدەكرێت لەوانەیە كۆبونەوەكان بەرەو ئاستێكی تر بگەن".

هەروەها دەڵێت "بەپێی ئەو كۆبونەوانە كە ئێستا ئەنجام دەدرێن لەوانەیە دۆخەكە بەرەو لایەكی تر بڕوات لەوانەشە وەكو 2018 هەر كەس بە كاندیدی خۆی بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە هەمو شتێك ڕێی تێدەچێت، بەڵام لە نێوان پارتی و یەكێتی گفتوگۆ هەیە لەسەر زۆر بابەت ئەوەش یەكێكە لە بابەتەكان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت".



AM:10:57:30/09/2022