لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکرد

کەمێک پێش ئێستا لە چەندین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش مانگرتن دەستیپێکرد و دوكان‌ و بازاڕەکان داخران.

بەپێی زانیارییەکان، بەیانی ئەمڕۆ شەممە له‌ شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنى هاوڵاتییان ده‌ستیپێكردوه‌ و سه‌رجه‌م دوكان‌ و بازاڕه‌كان داخراون، به‌ڵام هێڵه‌كانى ئینته‌رنێت به‌ ته‌واو بڕاون، ته‌نانه‌ت ئه‌و دوكانانه‌ى پێویستیه‌كانى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵكیش ده‌فرۆشن داخران. 

دواینیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە شارەکانی ئەهواز، زاهدان، سنە، کرمان، ئەردەبیل، سەقز و چەندین ناوچەی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردەوە. 

بەپێی زانیارییەکان، شەڕێکی قورس لە دەوروبەری بنکەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی شێرئابادی شاری زاهدان ڕوویدا، کە هێزە ئەمنییەکان تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خۆپیشاندەرانی ئەوشارە کرد.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو شاری زاهیدان (١٩) کەس کوژراون و (٢٠) کەسیش بریندار بوون.

هەروەها شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران ڕایانگەیاند، عەلی موسەوی بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و جێگرەکەی، هەردووکیان بە تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژراون و سێ ئەندامی دیکەی سوپای پاسدارانیش بریندار بوون. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دژی کوژرانی ژینا ئەمین، تا ئێستا (٨٣) کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.


AM:09:32:01/10/2022