بڕیارێكی نوێ سەبارەت بە (عبور) درا


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە زیادكردنی وانەی (عبور) بۆ دوو وانە لە سیستمی ساڵانە و چوار وانە لە سیستمی وەرزی تەنها بۆ ئەو قۆناغانەی كە سیستمی خوێندنی تیادا دەگۆڕێت بۆ بۆڵۆنیا.  

بەپێی راگەیەنراوی وەزرەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا بڕیارەكە دەرچووە.
 

دەقی راگەیەنراوەكە:   


ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پرسی پەڕینەوە (عبور) بۆ خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان تەنها لەو قۆناغانەی كە سیستمی خوێندن تیایدا دەگۆڕێت بۆ بۆلۆنیا پرۆسێس بڕیاری پێویستی دەركرد، هەروەها مەرجەكانی بەستنی كۆنفرانسی زانستی و پێوەرەكانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی دوای تاوتوێكردن پەسەندكرد.  

  

  

لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەكالەت، ئاماژەی بە بەرنامەی كاری كۆبونەوەكە كردو تیشكی خستە سەر ئەو تەوەر و بابەتانەی بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت و پەسەند دەكرێن.  

لە دەستپێكدا لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕاپۆرتی پڕۆپۆزەڵی كردنەوەی زانكۆی لەندەن لە هەرێمی كوردستان پێشكەشكرا، بۆ ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرج و پێشنیارانەی كە لە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتوەو گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت ڕاپۆرتەكە پەسەندكرا، تەوەری دوەمی بەرنامەی كاری كۆبونەوە بریتی بو لە خوێندنەوەی پێوەرەكانی پێدانی مۆڵەتی گۆڤاری زانستی كە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ئامادەكرابو، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەكە بە گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەن ڕاپۆرتەكە دەوڵەمەند كرا.  

  

تەوەری سێیەمی بەرنامەی كاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بریتی بو لە پەسەندكردنی مەرجەكانی بەستنی كۆنفرانسی زانستی، كە لەلایەن دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان خرایەڕو، بۆ ئەمەش ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت پێشنیازەكانی خۆیان لەبارەی مەرجەكانی كۆنفرانسی زانستی خستەڕو و ڕاپۆرتەكە پەسەندكرا.  

لەبارەی تەوەی چوارەمی بەرنامەی كاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت كە تایبەت بو بە پرسی پەڕینەوە (عبور) بۆ قوتابیان/خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان تەنها لەو قۆناغانەی كە سیستمی خوێندن تیایدا دەگۆڕێت بۆ پێواژۆی بۆڵۆنیا، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە زیادكردنی وانەی (عبور) بۆ دوو وانە لە سیستمی ساڵانەو چوار وانە لە سیستمی وەرزی تەنها بۆ ئەو قۆناغانەی كە سیستمی خوێندنی تیادا دەگۆڕێت.  


لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا چەند بابەت و پرسێكی پەیوەست بە كاروباری زانستی و كارگێڕی و دارایی و خوێندكاران و قوتابیان گفتوگۆی لەبارەوە كرا و ئامادەبوان ڕای خۆیان لەبارەی پرسەكان خستەڕو و بڕیاری پێویستییان لەبارەیەوە درا.  

  






PM:06:57:02/10/2022