"پێویستە بەرژەوەندی هاوڵاتییان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە لە پێشینەی کارەکاندا بێت"

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی کۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەردەوامبونی گفتوگۆ كردەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، لە  كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی کرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەردەوامبونی گفتوگۆ كردەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هەروەها ژماره‌یه‌ك بابەتی تایبەت بە گوزەرانی هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ کران و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، پێویستە بەرژەوەندی هاوڵاتییان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە و ماف و شایستە دەستورییەکانیان لە سەرتاسەری وڵات، بە هەرێمی کوردستانەوە، لە پێشینەی کارەکاندا بێت. 

ئه‌وه‌ش هاتووە" لە كۆبونەوەكەدا، پێویستی بەردەوامبونی كۆبونەوە هاوبەشەكان و مامەڵەكردن بەشێوەیەکی جیددی لەگەڵ هەموو دۆسییەکان و ڕەخساندنی هەلومەرجی باش بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە، كە ببێتە هۆی چارەسەرەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوردا، دوپاتکرایەوە". 


PM:02:00:03/10/2022