شاسوار عەبدولواحید لە ساڵرۆژی کۆچی تاڵەبانیدا
شەقامی تاڵەبانی لە کۆیە تەواو دەکات


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند " لە یادی مام جەڵال و شەقامی مام جەلال لە کۆیە سبەی دەست دەکەین بە تەواوکردنی شەقامی مام جەلال لە شاری کۆیە کە چەندین ساڵە بەجێهێڵراوە و تەواو نەکراوە" .

لە نووسینێکدا شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "بە ڕای من سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی یەکێتی وەک جوانترین رێز بۆ مام جەلال حەق بوو ئەمرۆ بچونایەتە سەر ئەو شەقامەی کە بە ناوی سەرکردە و باوکیانەوەیە و چەندین ساڵە تەواو نەکراوە ، وەک رێزێک بۆ ئەو پیاوە تەواویان بکردایە، باشتر بوو لەو هەموو پارە و بۆنەیە کە ئەمرۆ رێکتان خستبوو".

 هەروەها دەشڵێت " سەیرە بەلای شەقامەکەی سەرکردەکەتان تێپەر بوون کەچی چاکتان نەکردوە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ دەڵێت " ئێمە سبەی دەست دەکەین بە چاککردن و تەواوکردنی رێگاکە کە ٣ کیلۆمەتری دوو سایدە لە ناو شاری کۆیە ، چونکە ساڵی پار بەڵێنم دابوو بە چاککردنی. ئێمە خاوەن بەڵێنی خۆمانین و خزمەتی تەواوی شارەکانی کوردستان دەکەین، کۆیەش یەکێکە لەو شارانەی کە گیرۆدەی دەستی دوو ئیدارەییەو بێخزمەتییە".

لە کۆتایدا دەشڵێت" نەوەی نوێ لەهەرکوێ بێت، خزمەت لەوێیە، پارتی و یەکێتی لە هەر کوێ بن، وێرانبون و بێ خزمەت لەوێیە".




PM:07:16:03/10/2022