(سپی) زانیاری لەسەر رووداوی كوشتنی هاوكار جاف بڵاودەكاتەوە


دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دوو كەسیان بە تۆمەتی كوشتنی عەقید هاوكار جاف دەستگیركردووە كە یەكێكیان پێشتر جێگری خۆی بووە لە دژە تیرۆری یەكێتی.   

بەپێی بەدواداچوونەكانی (سپی) دوای كوشتنی عەقید هاوكار جاف، دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی كوشتنی ناوبراو دەستگیركردووە كە یەكێكیان جێگری پێشوی خۆی بووە لە دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی، بەڵام دوای چوونی هاوكار جاف بۆ شاری هەولێر ئەم كەسە لێی دوور کەوتۆتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، جێگرەكەی كوردی شەبەكە و لەگەڵ كەسێكی دیكە دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن هاوكار جاف لە دژە تیرۆر دۆسیەی موسڵی لا بووە و ئەمەریكییەكانیش لەبەر دۆخی موسڵ پاڵپشتییان كردووە، هەروەها پیشتر هاوكار جاف هێزە ئەمنییەكان و ئەمەریكییەكانی ئاگادار كردۆتەوە كە هەڕەشەی لەسەرە، بەڵام ناوبراو هیچ پاسەوانێكی نەبووە، لەبەرئەوەی ئەو گەڕەكەی تێیدا ژیاوە ناسراوە و دۆخی ئەمنی ئارام بووە و پێشبینی نەكردووە بیكوژن.

نیوەڕۆی دوێنێ لە گەڕەكی سەربەستی شاری هەولێر دوو بۆمب بە ئوتومبیلی عەقید هاوكار جاف تەقییەوە و بەهۆیەوە خۆی كوژرا و خێزانەكەی و خوشكی خێزانی و دوو منداڵیشی برینداربوون.




PM:06:09:08/10/2022