بافڵ و قوباد تاڵەبانی بڕیاری ئازادكردنی دوو رۆژنامەنوسە دەستگیركراوەكەیان دەرکرد


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریدا بە ئازادكردنی سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم عەلی، رۆژنامەنووسی دەستگیركراوانی دەزگای بوار.

نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بافڵ جەلال تاڵەبانی تیمی پارێزەرانی تایبەتی خۆی راسپاردووە لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان كار بۆ ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس ئیبراهیم عەلی و سەرتیپ وەیسی بكەن بە كەفالەت تاوەكو ئەوكاتەی دۆسیەكە رێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت و دادگا بڕیاری خۆی دەدات".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە، سلێمانی شوێنێك نییە بۆ زیندانیكردن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و نووسەران، بەڵكو پایتەختی رۆشنبیری جێگەیەكە بۆ رێزگرتن لە رەخنە و ئازادییەكانی رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازا و بوێرەكان".

ماوەی نزیكەی هەفتەیەكە ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەسەر دوو سكاڵای یاسایی دەزگای دژە تیرۆر و وەزیری دارایی، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركراون.



PM:04:22:15/10/2022