دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای ڕوونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکات لەسەر ئەو رۆژنامەنووس و خەڵکەی کە بەدەر لە یاسا دەستگیر دەکات.
لە راگەیاندنێکدا دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت" دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و خەڵکی سیاسی و سڤیل و هی دیکەش... بەبێ فەرمانی دادوەر خەریکە دەبێتە دیاریدە، کە ئەمە پێچەوانەی یاسایە ، ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەم هەڵسوکەوتە بە مەترسی دەزانین بەتوندی ئیدانە دەکەین".
ئەمەش دوای دیار نەمانی هەریەکە لە وێنەگر زرنگ رەحیم و دەرهێنەر زانا نەوزاد دێت، لە شاری سلێمانی کە دەرکەوت هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستگیری کردوونە، دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت " ئەم جورە ڕەفتارانە مەترسیدارن و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤە".
دەستەکە داوا دەکات، " ئێمە داوای ڕوونکردنەوە لە ئاسایشی سلێمانی دەکەین لەسەر دەستگیر کردنی ئەم دوو بەڕێزە".