ئەدهەم بارزانی هۆكاری سەردانی بۆ سلێمانی ئاشكرا دەكات


ئەدهەم بارزانی، سەركردەی سیاسی رایدەگەیەنێت، هاتنی بۆ شاری سلێمانی لەسەر بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

لەبارەی  هۆكاری سەردانیكردنی بۆ سلێمانی و ماوەی مانەوەی لەم شارە، ئەدهەم بارزانی، سیاسەتمەدار ڕایگەیاند، "من لە سەردانێكی كاتیدام بۆ سلێمانی  كە لەسەر دەعوەتی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەم دەعوەتە كراوم و میوانی ئەوم لەم شارەدا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "خاوەنی ماڵم و ئەم شارە شاری من و پێشتریش لە گفتوگۆ و چاوپێكەوتنەكاندا وتومە سلێمانی بۆ من بارزانە و بارزان بۆ من سلێمانییە، هەر شوێنێكی ئەم كوردستانە ماڵی منە و دەبێت هەموان پێكەوە بەرەو ئامانجەكانی ئەم میللەتە  و چارەسەركردنی كێشە و گرفتە گەورەكان كە ئێستا جەماوەری كوردستان تیایدا دەژین بچین".

ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەم ماوەیەی رابردوودا بەهۆی ڕێگری لێی بۆ گەڕانەوە بۆ هاوینەهەواری پیرمام، ئەدهەم بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان مایەوە، دواتر لە بەغدا بافڵ تاڵەبانی بینی و چەند ڕۆژێكیشە لە سلێمانیە.

ناكۆكی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ ئەدهەم بارزانی، بەهۆی ڕەخنە و نیگەرانیەكانی ناوبراوە لە دۆخی ئێستای كوردستان و تۆپبارانەكانی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان.



PM:04:28:21/10/2022