رێنمایی نوێ بۆ ئوتومبیلی گواستنەوەی تەرم دەرچوو


وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێنماییەكی نوێی بۆ ئوتومبیلی گواستنەوەی تەرم دەركرد.

رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان كە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێم دەریدەكات دەقی ئەو رێنماییانەی بڵاوكردۆتەوە كە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم تایبەت بە ئوتومبیلی گواستنەوەی تەرم دەریكردوون.

بەپێی رێنماییەكان ئوتومبیلەكە لەڕووی دەرەوە دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت "رەنگی سپی بێت و خەتی رەشی پانی لە ناوەڕاستی ئوتومبیلەكە بێت، خەتی رەشی پانی 50 سانتیم بێت، مۆدێلی لەگەڵ رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ بێت، تەنها یەك دەرگا لە دواوەی ئوتومبیلەكە هەبێت، لەپێشەوەی ئوتومبیلەكە لەسەر سەقف یەك دانە (فرارە)ی شین هەبێت بێ دەنگ، لەپشتەوەی ئوتومبیلەكەش دوو دانە لیدی شین هەبێت، نووسینی سەر ئوتومبیلەكە ناوی ئوتومبیلی گواستنەوەی تەرم و ناوی كۆمپانیا و ژمارە مۆبایل بەڕەنگی سپی لەسەر خەتە پانە شینەكە بنووسرێت".

هەر بەپێی ئەو رێنماییە و لەڕووی ناوەوەوەی ئوتومبیلەكە "رووپۆشكرابێت بە ستیل و عازل پارێزراو بێت لە سەرما و گەرمای دەرەوە، ساركردنەوەی لە پلەی بەستن بێت، ساحیبەی تێدا بێت بۆ هەواگۆڕكێ، رووناكی تێدا بێت، شوێنی نقالەی تێدا بێت، زەوییەكە داپۆشرابێت بە ئیپۆكس".

هەروەها هاتووە "ناوەوەی دابەشكرابێت بۆ دوو شوێن، جێگەی مردوو كە سندوقە دەرگای تایبەتی خۆی هەبێت وە سەرووی سندوقەكە روولە بێت، جێگەی كەلوپەلی داپۆشینی لاشەی مردوو كە ئەمانە لەخۆدەگرێت كیسەی مردوو و كفن".
 




PM:04:57:21/10/2022