باری تەندروستی ئاکام عومەر چۆنە؟
بۆ چارەسەرکردن دەگوێزرێتەوە بۆ کوێ؟


ئا: سپی
لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی و ئەڵمانی و ئەمەریکیەکانەوە بڕیار لەسەر گواستنەوەی فەرمەندەکەی هێزی کۆماندۆی یەکێتی، ئاکام عومەر بۆ دەرەوەی وڵات دراوە، تەنها جێبەجێکردنی ماوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " کە لە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە بە دەستی گەیشتووە، فەرماندەکەی کۆماندۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاکام عومەر چەند برینێکی سووک لە جەستەیدا کە هیچ مەترسی بۆ سەر ژیانی نییە، بەڵام پارچەیەک لە سەریدایە کە ئەوە مەترسی لەسەر ژیانی دروستکردووەو لە رۆژی رووداوەکەوە پزیشک بێ هۆشی کردووە بەمەبەستی چارەسەرکردنی.

لەو رۆژی بریندرابوونیەوە دوو تیمی سەربازیی ئەمەریکی و ئەڵمانی لە نزیکەوە چاودێری باری تەندروستی ئاکام عومەر دەکەن و بڕیاریان داوە کە بگوازرێتەوە سەرەتا بۆ بەغداد و دواتر بۆ ئەڵمانیا.

ئەمەریکیەکان و ئەڵمانییەکان و بەرپرسانی یەکێتی بریاریان داوە کە سەرەتا ئاکام بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سەربازی ئەمەریکی لە بەغدا بۆ دەرکردنی هەندێک ئاو لەسەریدا کە بەهۆی ئەو پارچەیەوە دروستبووە، دواتر بە فڕۆکەیەکی تایبەتی سووپای ئەڵمانی دەگوازرێتەوە بۆ ئەو وڵاتە بۆ چارەسەر.

ئەمڕۆ ٢٢ ی تشرینی یەکەم وا بڕیار بووە، ئاکام عومەر بگوازرێتەوە بۆ بەغدا بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکەی هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی تەواوی پێداویستی نەشتەرگەری دەرکردنی ئاوی سەری ئاکامەوە نەبراوەو دوا کەوتووە، لەگەڵ ئامادەکردنی هەموو پێداویستیەکاندا دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا بۆ دەرکردنی ئەو ئاوەی مێشکی دواتر بۆ دەگوازرێتەوە بۆ ئەڵمانیا.

چۆنێتی رووداوەکە..

هێزی کۆماندۆی یەکێتی چوار فەوجن و نزیکی ٢٠٠٠ پێشمەرگە دەبن کە ئەم کوڕە گەنجە فەرماندەیانە، هێزێکی جێگریان هەیە لە گەرمیان بۆ حاڵەتی کتوپڕ و ناوبەناو  ئەم هێزە کێوماڵی ناوچە جێناکۆکەکانیش دەکەن.

رۆژی ١٩ تشرینی یەکەم کێوماڵێک هەبوو بۆ ناوچەی پەڵکانە، ئەو هێزەو هێزێکی پێشمەرگە پلانیان داناوە ئەو کێوماڵە ئەنجام بدەن، ئاکام عومەر لە زۆربەی کێوماڵەکاندا خۆی بەشداریکردووە، بۆ ئەم کێوماڵە لە سلێمانییەوە ئاکام عومەر بە کۆپتەرێکی هێزەکەیان  چۆتە گەرمیان و لەگەڵ هێزەکەدا دەستیان بە چالاکییەکە کردووە، لە کاتی گەڕانەوەدا لە شوێنێکی ترەوە ویستیانە بەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان لە سنوری تاوێر لە پەڵکانە مینێکی چێندراو بە هێزەکاندا تەقیوەتەوەو ئاکام عومەر ژمارەیەک کۆماندۆی تر لە نێویاندا زوهیر محەمەد لە هەوڵی چۆڵکردنی هەمەرێکیان بوون لەو بۆمبانەی کە لەناویدا بووە تا هەموویان نەتەقنەوە، یەکێک لەو موشەکانەی دەبەسترێت لە فڕۆکەی درۆن لە کاتی هێنانە دەرەوەی لە هەمەرەکە بەدەستی زوهیر محەمەدەوە دەتەقێتەوەو لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆماندۆ کە ٧ پێشمەرگەن لە نێویشیاندا ئاکام عومەریش بە سەختی بریندار دەبن، ئەفسەرێکی تریش کە لەم دوو رۆژەدا دەگەیەنرێتە ئوردون بۆ چارەسەرکردن دەموچاوی سوتاوەوەو چاوکێکی کوێربووەو ئێستا لە نەخۆشخانەی فاروقە لە سلێمانی لەگەڵ ئاکام عومەر، هەندێک برینداری تر لە کەلار و ژمارەیەکی تریان برینەکانیان سووک بووە چاکبوونەتەوەو لە نەخۆشخانە نەماون.

ئاکام عومەر کێیە؟

ئاکام عومەر گەنجێکە لە دایکبووی ١٩٨٤ ی هەولێرە لە بنەماڵەیەکی سادەی یەکێتین و خووشەکەزای پێشمەرگەیەکەی کۆنە بەناوی تاریقی تۆپخانە کە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا لە داگیرکردنی هەولێر لەلایەن پارتی و رژێمی پێشووی بەعسەوە لەلایەن پارتیەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە وەک ئەو ژمارەیە پێشمەرگەو ئەندامانەی لە شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەردوولا تیاچوون.
ئاکام بەهۆی خووشکێکیەوە سەفەری ئەمەریکیان کردووە، دواتر لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا وەک وەرگێڕ هاتۆتەوە کوردستان، شێخ جەعفەر وەزیری پێشووی پێشمەرگە و جێگری ئێستای سەرۆکی هەرێم دەیناسێت و داوای لێدەکات لەگەڵیدا کاری وەرگێڕی بکات، دواتر شێخ جەعفەر کە هێزێکی کۆماندۆ دروستدەکات و ئەڵمانی و ئەمەریکییەکان مەشقیان پێدەکەن، ئەم لە ماوەیەکی کەمدا دەردەکەوێت دەبێت بە فەرماندەی ئەو هێزە.

لە شەڕی داعشدا وەک کەسێکی سەربازی دەردەکەوێت و چەندجارێک کە چەند یەکەیەکی بچووک لە هێزی پێشمەرگە لە خورماتوو و کەرکوک دەکەونە بۆسەی چەکدارانی داعشەوەو گەمارۆ دەدرێن، بە فەرماندەیی ئاکام ئازاد دەکرێن. لە کاتی ئازادکردنی ئەو چەند پێشمەرگەیە لە کەرکوک بە سووکی بریندار دەبێت.

لە شەڕی رزگارکردنی موسڵ لە چەکدارانی داعش بە قورسی بریندار دەبێت و مەترسی لەسەر بڕینەوەی قاچی دەکرێت، بەڵام ئەڵمانییەکان دەیگوازنەوە بۆ ئەڵمانیاو لەوێ چارەسەر دەکرێت و دەگەڕێتەوە کوردستان، هەندێکجار بەهۆی ئەو برینەوەو هەبوونی پلاتین لە بنی پێیدا کەمێک دەشەلی.

لە ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگیدا کە ئەم هێزە ئەو دەمە لەلای شێخ جەعفەر بووە، بە رەزامەندی ئەو دەچنە ژێر فەرماندەیی بافڵ تاڵەبانییەوەو، ئەو هێزە دەورێکی یەکلاییکەرەوەی هەبووە لە کەنار خستنی لاهور جەنگیدا، لەم ماوەیەی دوایشدا لە مەسەلەی زەوی و زارەکانی سلێمانی و گرتنی چەند کەسێکی شارەوانییەکان، لە رێگای ئەم هێزەوە جێبەجێکراوە.
 
 ئاکام عومەر کە ١٩ ی تشرینی یەکەم  سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنێكی لە سنووری ( تاوێر ) لەناوچەی پەڵكانە و زینانە لە گەرمیان کردووەو، چەند بۆمبێكی چێنراو بە ھێزەكانی كۆماندۆی كوردستان تەقینەوە و لە ئەنجامدا ئاكام عومەر فەرماندەی ھێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە سەختی برینداربووە و ملازم زوھێر محەمەد شەھید دەبێت و ٧ پێشمەرگەی تری ھێزی كۆماندۆی كوردستان بریندار دەبن.



PM:10:51:22/10/2022