زانیاری نوێ سەبارەت بە دەستگیركردنی تۆمەتبارانی كوشتنی كادیرەكەی تەڤگەر


ئاسایشی قەزای كفری ئاشكرای دەكات برایەكی تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی مامۆستا شەماڵ، نوسەر و فەرمانبەر و كادیری تەڤگەری ئازادی لە قەزای كفری دەستگیركراوە.  

هیوا عەلی، بەڕێوبەری ئاسایشی كفری بە رادیۆی دەنگی وتووە "پاش گۆڕانكارییكردن لە كەیسی كوشتنی (سهێل خورشید) ناسراو بە (ممۆست شەماڵ) بە گۆڕینی ماددە یاساییەكەی لە ٤۰٦ـی یاسای سزادانەوە بۆ ماددەی ٢ـی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە".  

ناوبراو وتی "لە ئێستادا برایەكی تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە (بكوژەكە) دەستگیر كراوە، كە گومان دەكرێت لەكاتی ئەو كردەیەدا هاوكاری براكەی كردبێت بە چاودێرییكردن لەرێگەی ئۆتۆمبیلەكەیەوە".  

 هیوا عەلی وتویەتی "فەرمانی گرتن بۆ ژمارەیەك كەسی دیكە دەركراوە كە یەكێك لەوانە برایەكی دیكەیانە. ئەو كەسەی تۆمەتبارە بە كوشتنی م. شەماڵ دانشتوی پارێزگای كەركوكە".  

رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢، سوهێل خورشید عەزیز، لەدایكبوی ١٩٦٠ و فەرمانبەر لە كشتوكاڵی كفری، كە هاوكات كادیری تەڤگەری ئازادی نزیك لە پەكەكە بو و نوسەر و لێكۆڵەری بواری مێژو و جوگرافیای گەرمیان و كەركوك بوو، لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە كفری بە دەستڕێژی گولە كوژرا.  



PM:11:34:23/10/2022