لە چلەی كوژرانی ژینا ئەمینی
بە سەدان هاوڵاتی لە سەر گۆڕەكەی گردبوونەوە

ئەمڕۆ لە چلەی كوژرانی ژینا ئەمینی بە سەدان هاوڵاتی لەسەر گۆڕەكەی گردبوونەوە و دروشمیان دژ بە دەسەڵات وتەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراونەتەوە، سەرباری هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و داخستنی ئەو ڕێگە سەرەكیانەی كە دەچنە سەر مەزارگەی ژینا ئەمینی، ئەمڕۆ بەسەدان هاوڵاتی لەگەڵ وتنەوەی دروشمی (ژن، ژیان ئازادی و نەمان بۆ دیكتاتۆر) لەسەر گۆڕەكەی ئامادە بوون. 

پێشتر ناوەندی هاوكاری حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوایان لە هاوڵاتیان كردبوو، كە ئەمڕۆ بە جلوبەرگی كوردی لەسەر گۆڕی ژینا ئامادە بن. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، تائێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێران‌ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم ٢٣٤ کەس کوژراون کە (٢٩) یان منداڵن.


PM:01:09:26/10/2022