د. ساماڵ مانیی دوو کتێبی فەلسەفی بڵاودەکاتەوە


لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا دوو کتێبی فەلسەفیی د. ساماڵ مانیی بڵاو دەکرێنەوە کە دانەیەکیان دەربارەی فەلسەفەی ویلارد ڤان ئۆرمان کواین (Willard Van Orman Quine)، فەیلەسووفی ڕادیکاڵی سەدەی رابردوو، دووەمیشیان، ''سەرزەمینی مانا'' کە سەبارەت بە فەلسەفەی زمان و مانایە.

هەرچی کتێبی ''تێگەیشتن؛ کواین'' لەلایەن ماڵی وەفایی و کتێبی ''سەرزەمینی مانا'' لەلایەن دەزگای جەمال عیرفانەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

دەربارەی کتێبەکەی د. ساماڵ مانیی لە پێشەکیەکەیدا دەڵێت" ئەمساڵ دوو پرۆژە نووسینم پێکەوە دەکەونە کتێبخانەکانی کوردستانەوە؛ پرۆژە نووسینێک لەسەر ''کواین''، فەیلەسوفە ڕادیکاڵەکەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بە کتێبی ''تێگەیشتن؛ کواین'' دەستی پێ کرد. لەگەڵ پرۆژەنووسینێکم لە فەلسەفەی زمان و مانادا، ئەمیان بە کتێبی '' سەرزەمینی مانا '' دەستی پێ کردووە.

دەشڵێت ''ئەو دوو ئەو کتێبە لە هەفتەکانی سەرەتای مانگی 11ی 2022 لە پێشانگەی کتێبدا بەشدار دەبن. کتێبەکانی دیکەی ئەو دوو پرۆژەنووسینە فەلسەفییە نوێیەم، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ بڵاو دەکرێنەوە.''

هەروەها ''پرۆژەی نووسین، بریتی نییە لە نووسینی کتێبێک لەسەر بابەتێک، یان فەیلەسووفێک. پرۆژەی نووسین، بریتییە لە چەند کتیبێکی جیا و سەربەخۆ، بەڵام بە ئاڕاستەیەک کە ئاڕاستەی ئەو پرۆژەنووسینە دەگەیەنێت، ئەو کتێبانەی لە پرۆژەنووسینێکدا دەنووسرێن، دەبێت بە جیا و سەربەخۆ مەبەست بگەیەنن، نەک بەشێک بن لە کتێبێکی دوورودرێژ کە دابەش کرابن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کتێبانەی یەک پرۆژەی نووسینن، دەبێت پێکەوە یەک ئاڕاستە وەرگرن لە پرۆژەکەدا. پرۆژەنووسین دەکرێت لە بەشێکی فەلسەفەدا بێت، یان سەرنجخستنە سەر گۆشەی جیاواز بێت لە پرسێکی فەلسەفەدا، یان دەرخستنی گۆشە جیاکانی تێڕوانینی فەیلەسووفێک بێت و... هتد. ئەمە ڕاستە بۆ بوارەکانی تریش. هەر چوار پرۆژەنووسینە فەلسەفییەکانم، مەبەست لێیان دروستکردنی چەند پایەیەکی تایبەتی فەلسەفی بوون لەناو هزراندنی فەلسەفیدا بە زمانی کوردی و سەرچاوەیەکی گرنگن لە تێگەیشتن لە فەلسەفە، تایبەت و ئاڕاستە کراون بۆ تێگەیشتن و توێژینەوە و فەلسەفە خوڵقاندن لە زمانی کوردیدا.''



AM:11:24:31/10/2022