لێدوانی بەرپرسێكی باڵای پارتی لەسەر تۆمەتبارانی كوشتنی هاوكار جاف


بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "چەند كەسێك كە لەلایەن دادگاوە تۆمەتبار كراون لەسەر كردەوە تیرۆرستییەكەی هەولێر، دەبێت بچنە دادگا و وتەیان لێوەربگیرێت، "هیچ حیزبێكیشمان تۆمەتبار نەكردووە بە ئەنجامدانی ئەو كردەوەیە."   
پشتیوان سادق، سەرۆكی شاندی پارتی بۆ لای لایەنەكان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەكان دەربارەی ئەو كردەوە تیرۆرستییە بوو لە ماوەی ڕابردوو لە هەولێر ئەنجامدرا."   

ناوبراو وتی "ئیمە وەك حكومەت و وەك دەزگا ئەمنییەكانیش هیچ لایەنێكمان تۆمەتبار نەكردووە بە ئەنجامدانی ئەو كردەوە تیرۆرستییە، تەنها چەند كەسێك تۆمەتباركراون و لەلایەن دادگاوە داواكراون كە بچن وتەی خۆیان بدەن."   

پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەكرد، "كردەوەی تیرۆرستی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان قبوڵكراو نییە و پەیوەندیی بە سەر و ماڵ و ژیانی هەموو خەڵكی كوردستان هەیە و لای حكومەتی هەرێم ئاسایشی هەرێم هێڵی سوورە."  

لەسەرەتای ئەم مانگە لە شاری هەولێر هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری یەكێتی كوژرا، دواتریش چەند تۆمەتبارێك دەستگیركران.



PM:03:10:31/10/2022