زانیاری نوێ سەبارەت بە دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكاران


بەرپرسێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەمانگی ئەیلولەوە وەزارەت داوایكردووە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەرماڵەی خوێندكاران نوێبكرێتەوە و ئەمساڵیش مانگانە نزیكەی پێنج ملیار دیناریان پێویستە بۆ پاڵپشتیی دارایی (دەرماڵە) خوێندكاران.
 
د. توانا نەجەف، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا پێش دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی ساڵی رابردوی تایبەت بەپاڵپشتیی دارایی خوێندكاران نوێبكرێتەوە.
 
نەجەف ئاماژەی بەوەداوە، ئەنجومەنی وەزیران ساڵی رابردوو مانگانە نزیكەی 7 ملیارو 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندكاران تەرخانكرد بوو، بەڵام ئەمساڵ كەمتر لەو بڕەیان پێویستە كە نزیكەی 5 ملیار دینارە.

بەوتەی د. توانا نەجەف، هەفتەی رابردو كۆبونەوەیەك لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی دارایی لەسەر ئاستی وەزیرانی هەردو وەزارەتی و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاری و دیوانی خوێندنی باڵا، ئەنجامدرا لەبارەی ئەوەی چەند پارەیان پێویستە و چۆن كاربكرێت بۆ تەرخانكردنی بڕی پارەی پێویست، هەروەك چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتی دارایی و ئابووریین بۆ ئەوەی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران بداتەوە و دواتر ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێكی نوێ لەوبارەیەوە دەربكات.
 
ئەمڕۆ بەشێك لەخوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەنزیك باڵەخانەی پارێزگاری سلێمانی گردبونەوەو داواكاریی سەرەكییان بەیاساییكردنی دەرماڵەو دابەشكردنیەتی. 



PM:08:13:13/11/2022