خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیپێکردەوە

ئەمڕۆ بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک خوێندکارانی زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەکەن. 

ئەمڕۆ دووشەممە جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی کەلار و کۆیە و زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە خۆپیشاندەران ڕایانگەیاندووە" دوای ئەوەی داوای ئازادکردنی ئەو هاوڕێیانەمان کرد کە لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێدا دەستگیرکراون، سوورین لەسەر داوا ڕەواکانمان و بەردەوامین لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی داواکارییەکان جێبەجێدەکرێن".

داواکاری خۆێندکاران بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تیشکیان خستۆتە سەر سێ خاڵ، یەکەمیان بریتییە لە پەسەندکردنی یاسایەک کە حکومەت پابەند دەکات بە خەرجکردنی یارمەتییە داراییەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣. 

هەروەها خوێندکاران داوای کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێڵ دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی کەسوکاری خوێندکاران، هاوکات لە خاڵی سێیەمیشدا جەخت لەسەر گرنگیدان بە نیشتەجێکردنی زانکۆکان (بەشەکانی ناوخۆ) بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەنەوە. 

خوێندکارانی ناڕازی هۆشداری دەدەن، ئەگەر حکومەت داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات، هەڵوێستی دیکە دەگرنە بەر. 


AM:11:26:14/11/2022