وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام سەروەری عێراقی پێشێل کردووە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات. 

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد" بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامە موشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە دژی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین". 

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا و هەولێر دەوەستێتەوە و هاوبەشی لە ئامانجی حکومەتی عێراق دەکات، کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتەکەیە".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئێران چەندین جار و بە ئاشکرا سەروەری خاکی عێراقی پێشێل کردووە.

نێد پرایس داواش لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، کە ئەو هێرشانە ڕابگرێت و خۆی لە هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر یەکپارچەی خاکی عێراق بەدووربگرێت. 

بەیانی دوێنێ دووشەممە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە، زڕگوێزیش لە سنوری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان، بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی. 

هەروەها دوای بۆردومانەکە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ئاماژەی بەوەدا کە بارەگای ئەو کەسانەی بە "گرووپی تیرۆریستی" وەسفی کردوون کردۆتە ئامانج.


AM:10:13:15/11/2022