بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ خوێندکارانی زانکۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان دەستپێکردەوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، کەمێک پێش ئێستا بۆ جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆکانی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی کەلار و کۆیە و زانکۆی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ لە بەردەم دەروازەی سەرەکی زانکۆکەیان گردبوونەتەوە و ئامادەنین بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
داواكارییەكانی خوێندکاران بریتین لە:
١. بنەبڕكردنی دەستی حیزب لەنێو زانكۆ و پەیمانگاكاندا.
٢. ڕیفۆرمێك لە پڕۆسەی خوێندن و گۆڕینی بنچینەیی مەنهەج كە تەنیا بۆتە ڕۆتینێكی ڕۆژانە.
٣. لابردن و كەمكردنەوەی كرێی پاراڵێڵ.
٤. بە یاسایكردن و زیادكردنی دەرماڵە.
٥. دەستپێكردنەوە بە دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی ساڵانی پێشوو.