ئەمریکا: ئێران سەقامگیری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە دەکات، کە بارەگای حزبە کوردییەکانی ئێرانی لە سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی کردە ئامانج.

مایکل کۆرێلا فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" سەرکۆنەی هێرشە نایاساییەکانی ئێران دەکەین کە سەقامگیری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە، کە خەڵکی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە و سەروەری عێراق پێشێل دەکەن". 

درەنگانی شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشکەکانی بۆسەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە و جێژنیکان لە بەحرکەی هەولێر دەستپێکردەوە، لە ئەنجامیشدا پێشمەرگەیەک بە ناوی بێهزاد ئیسکات ناسراو بە (چیاکۆ) شەهید بوو، هەروەها حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش لە زڕگوێزی سنوری پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج، کە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 


AM:09:11:21/11/2022