خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕیاری بایکۆت دەدەن



سەرباری ئەوەی ژمارەیەک زانکۆ بڕیاریان داوە سبەی سێ شەممە دەستبکەنەوە بە دەوام، بەڵام  لە پەیجەکانی سۆشیال میدیا کە جوڵێنەری ئەم خۆپیشاندانانەن، بڕیاری بایکۆتکردنی خوێندن دەدەن.

خوێندکاران رایدەگەیەنن کە دژی دەستگیرکردنی خوێندکارانی زانکۆکانیان لەوانە زانکۆی سلێمانی، بڕیاریان داوە سەرجەم بەش و کۆلیژەکانی زانکۆی سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن.

لەو راگەیاندنەدا کە لە پەیجەکان بڵاویانکردۆتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بایکۆتکردن تا کاتێکی نادیار دەبێت.

ماوەی دوو هەفتەیە لە پێناو بە یاساییکردنی دەرماڵەو کەمکردنەوەی پارالێل خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی دەڤەری سەوز دەستیان بە خۆپیشاندانکردووەو زۆرجار بارگرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویداوەو هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک خوێندکاریان دەستگیرکردووەو بە سەدانیان بەر غازی فرمێسک رێژ و بەر گورزی لێدانی هێزە ئەمنییەکان کەوتوون. 



PM:07:15:21/11/2022