"تا ئێستا 50 خوێندكاری زانكۆی سلێمانی دەستگیركراون"


كەسوكاری خوێندكارانی دەستگیركراوی زانكۆی سلێمانی رایدەگەیەنن، بەهۆی داوای مافی سەرەتایین، تائێستا نزیكەی 50 خوێندكاری زانكۆی سلێمانی دەستگیركراون و هەندێكیشیان بێسەرشوێنن.

كەسوكاری خوێندكارانی دەستگیركراوی زانكۆی سلێمانی ریدەگەیەنن، لەكاتێكدا خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بە شێوەیەكی ئازادی و دیموكراسیانەدا لە خۆپیشاندانێكی هێمن و مەدەنیانەدا داوای مافێكی سەرەتایی خۆیان كردووە، بەڵام بەداخەوە لەبری وەڵامدانەوەیان، ھێزە ئەمنیەكانی سنورەكە بە زەبری هێز و توندوتیژی ڕەشبگیری وەڵامیان داونەتەوەو تا ئەو چركە ساتە بە دەیان خوێندكار دەستگیركراون.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردوە "ئێمە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد چەك و فیشەك ڕووبەڕووی قەڵەم و ناوەندەكانی زانكۆ و خوێندكارانی ئازیزمان ببنەوە كە ئەمانە نەوەی دواڕۆژی گەلەكەمانن". 
 
كەسوكاری ئەو خوێندكارانە وتویانە "هەر ئەوەش نا، بەڵكو ماوەی هەفتەیەك پڕۆسەی خوێندن بە زەبری هێز ڕاگیرا، دەرگای زانكۆكان داخران، خوێندكاران لە بەشە ناوخۆییەكان دەركران، ئێستاش بەوە نەوەستاون كەشی زانكۆكانی سنوورەكە بە گشتی بە سەربازگە كراون بە جۆرەها هێزی ئەمنی تەنراون و دەستگیركردنی خوێندكارانیش بەردەوامی هەیە كە ژمارەیان تا ئێستا گەیشتۆتە 50خوێندكار و بەشێكیان بێسەروشوێن كراون و چارەنووسیان نازانین". 
 
لە بەشێكی دیكە باسیان ەوەكردووە "لە كۆتاییدا كارەسات ئەوەیە ھێزە ئەمنیەكانی سلێمانی ئەوەیان سەلماند كە ئەو ئازادی و دیموكراسیەی باسی دەكەن و وێنایان كردووە تەنها ڕووكەش بووە و هەر خۆیان بن پێیان خست بەداخەوە". 

ئەوەش لە كاتێكدایە ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی بڕیاری ئازدكردنی ئەو خوێندكارانەی داوە.



PM:08:45:22/11/2022