بومەلەزرە چەند شارێكی توركیای هەژاند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزە چەند شارێكی توركیای هەژاندووە، بەڵام تائێستا زیانەكان روون نین.

سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا ڕایگەیاند، كاتژمێر ٤:٠٨ خولەكی بەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بەگوڕی (٥.٩) پلە بە پێوەری ڕێختەر، قەزای گۆلیاكا سەر بە پارێزگای دوزجەی هەژاند.  

سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە ''لە دوای بوومەلەرزەكەی گۆلیاكا، ١٨ پاشەلەرزە روویاندا، بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشەكە كارەبای ناوچەكە بڕدراوە، بومەلەرزەكە لە پارێزگاكانی ئیستەنبووڵ، كۆجائەلی، زۆنگوڵداك، ساكاریا، بیلەجیك، بۆڵو، كارابوك و بارتن هەستی پێكراوە.  

هاوكات سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند ''پاش بوومەلەرزەكەی قەزای گۆلیاكا زانیاری لەبارەی زیانی گیانی نەگەیشتووە بە پارێزگا و تیمەكانی ١١٢''.  

هەروەها فەخرەدین كۆجا، وەزیری تەندروستیی توركیا لە تویتێكدا نووسیویەتی، "بوومەلەرزەكە لە ناوەندی شارۆچكەی گۆلیاكا لە پارێزگای دوزجە بە گوڕی 5.9 رێختەر روویدا. لە دوزجە 32 كەس بریندارن كە یەكێكیان لە دۆخێكی ناجێگیردایە؛ هەروەها سێ كەس لە پارێزگاكانی ئیستەنبووڵ، بۆڵو و زۆنگوڵداك بریندار بوون."  



AM:09:35:23/11/2022