شازادەی سعودیە دەستوەردان دەکات دوای پێکانێکی سەختی ئەلشەهرانی لە یارییەکەی سعودیە و ئەرجەنتین

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە فەرمانی دا بەپەلە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بگوازرێتەوە بۆ ئەو یاریزانە کە ناوی یاسر شەهرانییە بۆ چارەسەرکردن لە ئەڵمانیا، دوای ئەوەی تووشی "شکاندنی چەناگە و ئێسکەکانی دەموچاو" بووە لە کاتی یاری نێوان سعودیە و ئەرجەنتین.

 ئەلشەهرانی لە کاتی یارییەکەدا - رۆژی سێشەممە - تووشی پێکانێکی زۆر سەخت بووبوو، دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ محەممەد ئەلعویسی گۆڵپارێزدا پێکدادا.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی سعودیە، "دوای ئەنجامدانی تیشکی ئێکس، دەرکەوتووە کە یاسر ئەلشەهرانی چەناگە و ئێسکەکانی دەموچاوی چەپی شکاوە، هەروەها پێویستی بە دەستێوەردانی خێرای نەشتەرگەری هەیە بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەوە".

 ئەلشەهرانی هەناسەی سعودی و عەرەب و خۆشەویستانی تۆپی پێی ڕاگرت، لە خولەکی 90ی یارییەکەدا، کاتێک دوای پێکدادانی توندوتیژی لەگەڵ گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی سعودیە کەوتە سەر زەوی.

 پێکدادانەکە بووە هۆی ئەوەی ئەلشەهرانی لە هۆش خۆی بچێت، پێش ئەوەی بە خێرایی لە یاریگاکە دوور بخرێتەوە و هاوکارەکەی محەمەد ئەلبورەیک لە شوێنی دابنرێت.

 جگە لە ئەلشەهرانی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی سعودیە، سەلمان ئەلفەراج، هەڕەشەی تەواونەکردنی خەونی مۆندیالیش لەگەڵ سعودیە دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی تووشی پێکانێک بوو کە ناچاری کرد پێشوەختە یاریگاکە بەجێبهێڵێت.

 ئەلفەراج دەرکەوت کە خۆشی بردنەوە لەگەڵ هاوکارەکانیدا هاوبەش دەکات لەکاتێکدا بە بە دارشەقەوە دەڕۆیشت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە زەحمەتە بەشداری یارییەکەی داهاتوو بکات، لانیکەم، تاوەکو پشکنینی پێویست.

 هێرڤی ڕێناردی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە ڕایگەیاند - لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای یارییەکە وتی "ئەستەمە بۆ ئەلفەراج بەشداری لە یارییەکی دیکەی مۆندیالدا بکات".

 هەڵبژاردەی سعودیە سوپرایزێکی گەورەی بەدەستهێنابوو، دوای بردنەوەی (2-1) بەسەر ئەرجەنتین کە بە یەکێک لە دیارترین پاڵێوراوەکانی نازناوەکە دادەنرێت، لە یەکەم یاری کۆمەڵەی C ی مۆندیالدا.


AM:09:56:23/11/2022