مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) و جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جەختیان لە پاراستنی سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان و سنووردانان بۆ بۆردومانكردن و هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان كردەوە.
بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كردوە و دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و گرنگیی چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و كارنامەی وەزاری حكومەتی نوێ تاووتوێ كران.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، جەخت لە رێزگرتن و پاراستنی سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان و سنووردانان بۆ بۆردومانكردن و هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان كرایەوە.