مامۆستایانی ناڕازی دەست بە خۆپیشاندان دەكەنەوە


مامۆستایانی ناڕازی هۆشداری دەدەن دەسەڵات كە لەبەرامبەر پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خۆپیشاندان و رێپێوان ئەنجام دەدەنەوە.

مامۆستایانی ناڕازی لەڕاگەیەندراوێكدا رایانگەیاندووە، لەكاتێكدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەرتە خزمەتگوزاریەكان لەچاوەڕوانی بەرزكردنەوەی پلەكانیان بون كە بۆ ماوەی شەش ساڵ و بەبڕیارێكی نایاسایی وەستێندراوە، كەچی دەیانەوێت جارێكی تر نایاسایی میزاجیانە پلە بەرزكردنەوەی مەرجدار دەست پێبكەنەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی بەناوی ستەمی پاشەكەوت و لێبڕین و فرتوفێڵی ترەوە چەندین موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران كەوتۆتە لای كابینەی هەشتەم و نۆیەمی هەرێم.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بێدەنگی زیاتر ستەمی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆیە بڕیارمان داوە كاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە خۆپیشاندان و رێپێوانی فراوان ئەنجام بدەین، هەمان رۆژیش بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن دەكەین و لە بری چون بۆ قوتابخانە رۆژێك تەرخان دەكەین بۆ داوا رەواكانمان".

مامۆستایانی ناڕازی داواشیان لەسەرجەم چین و توێژەكان بەتایبەت فەرمانبەران كردوە كە وەستانی پلە بەرزكردنەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر قوتی منداڵەكانیان داناوە، بەشداربن لەهەڵوێست و ناڕەزایەتی رۆژی شەممەدا.



PM:04:37:24/11/2022